ئەو ڕۆژەی ماڵەوەم جێهیشت بۆ ئەوەی بچم بۆ شار

لە گوندەكەی ئێمە وێستگەیەكی بچوكی پاسی لێ بوو، كە پڕ بوو لە خەڵك و پاسی زۆری لێ ڕادەوستا. هەتا لە سەر زەویەكە شتی زۆری لێ بوو كە دەبوایە باركرابان. شاگردی شۆفیرەكان هەرای نێوی شوێنەكانیان دەكرد كە پاسەكان بۆی دەچوون.

1

گوێم لە دەنگی شاگردشۆفیرێك بوو كە هەرای دەكرد: "شار" "شار" "وێستگەی ڕۆژئاوا!" ئەوە ئەو پاسە بوو كە من دەبوایە سوار بووبایەم.

2

پاسی شار هەمیشە پڕ بوو، بەڵام خەڵك هەر پاڵیان پێكەوە دەنا بۆئەوەی سواربن. هەندێك بارەكانی خۆیان دەخستە ناو سندوقچەكانی ژیر پاسەكە. ئەوانی دیكەش دەیانهێنایە ناو پاسەكەو لە سەر ڕەفەكانیان دادەنا.

3

مسافیرە نوێیەكان بڵیتەكانیان بە توندی لە ناودەستیان گرتبوو و لە ناو پاسە شلووقەكەدا بە دوای شوێنێكدا دەگەڕان دابنیشن. ژنەكان هەوڵیان دەدا شوێنێكی گونجاو بۆ مناڵەكانیان دروست بكەن لە سەفەرە دوور و درێژەكەیاندا.

4

من بە زۆر شوێنی خۆم لە تەنیشت پەنجەرەیەكەوە كردەوە. ئەو پیاوەی لە تەیشت منەوە دانیشتبوو، كیسەیەكی سەوزی لە ناودەستدا بوو. ئەو سەندەڵێكی لە پێدا بوو لە گەڵ كۆتێكی كۆنە، ئەو پەشۆكاو دیاربوو.

5

لە پەنجەرەڕا تەماشای دەرێم دەكرد كە خەریك بوو لە گوندەكەم دوور دەكەوتمەوە. ئەو شوێنەی كە لێی گەورە ببووم. من دەمهەویست بچم بۆ شارە گەورەكە.

6

هەموو كەل وپەلەكان باركران و مسافیرەكانیش لە شوێنەكانیان دانیشتن. دەستفرۆشەكان هێشتا هەر بە زۆر خۆیان بە ناو پاسەكەدا دەكرد بۆ ئەوەی شتەكانیان بە مسافیرەكان بفرۆشن. ئەوان هەرایان لە شتەكانیان دەكرد كە دەیانفرۆشتن. نێوی شتەكان زۆر سەیر بوون.

7

هەندێك لە مسافیرەكان خواردنەوەیان كڕی، ئەوانی دیكەش خواردنیان كڕی و دەیانخوارد. ئەوانەشی كە پارەیان نەبوو، وەكوو من، تەنها چاویان لێ دەكرد.

8

هەموو ئەم چالاكیانە لە گەڵ هەرای شۆفیر كە بەمانای ئامادەین بۆ ڕۆشتن، تەواو بوو. شاگردی شۆفیر هەرای كرد كە دەستفرۆشەكان دەبێ بچنە خوارێ.

9

دەستفرۆشەكان پاڵیان بە یەكترەوە دەنا بۆ ئەوەی زوو لە پاسەكە بچنە خوارێ. هەندێك باقی پارەكانیان دەدایەوە بە مسافیرەكان. هەندێكی دیكەیان هەوڵیان دەدا لە كۆتا دەرفەتدا شتی زیاتر بفرۆشن.

10

كاتێ پاسەكە وێستگەكەی بە جێ هێشت، من لە پەنجەرە تەماشای دەرێم دەكرد. بیرم لەوە دەكردەوە كە ئایا جارێكی دیكە دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ گوندەكە.

11

كەم كەم بە درێژایی سەفەرەكەمان ناو پاسەكە گەرم بوو. من چاوەكانم چوقاند بە ئومێدی ئەوەی خەوم لێ بكەوێ.

12

بەڵام هەر بیرم لای ماڵەوە بوو. ئایا دایكم سەلامەت دەبێ؟ ئایا دەتوانم هیچ قازانجێك لە كەروێشكەكانم بكەم. ئایا براكەم لە بیری دەبێ ئاوی درەختە نوێیەكانم بدات؟

13

لە ڕێگا توانیم نێوی ئەو شارە گەورە لەبەربكەم كە مامم لێی دەژیا. نێوی شارەكەم لەبەر خۆمەوە دەكوتەوە تا ئەوەی خەوم لێ كەوت.

14

نۆ كاتژمێر دواتر، بە دەنگی بەرزی پیاوێك وەخەبەر هاتم كە هرای مسافیرەكانی دەكرد بۆ گەڕانەوە بۆ گوندەكەم. منیش جانتا چكۆلەكەم هەڵگرت و لە پاسەكە هاتمە خوارێ.

15

پاسەكە كە دەگەڕایەوە زۆر بە خێرای پڕ بوو. گرنگترین شت بۆمن ئێستا دیتنەوەی ماڵی مامم بوو.

16

ئەو ڕۆژەی ماڵەوەم جێهیشت بۆ ئەوەی بچم بۆ شار

Text: Lesley Koyi, Ursula Nafula
Illustrations: Brian Wambi
Translation: Agri Afshin
Language: Kurdish (Sorani)

This story is brought to you by the Global African Storybook Project, an effort to translate the stories of the African Storybook Project into all the languages of the world.

You can view the original story on the ASP website here

Global ASP logo

Creative Commons License
This work is licensed under a Creative Commons Attribution 3.0 Unported License.