كاتی پشوو لە گەڵ داپیرە

ئەندگو و ئاپیو لە شار لە گەڵ باوكیان دەژیان، ئەوان زۆر بە پەرۆش بوون كە پشوو دەست پێ بكات. نەك تەنها لە بەر پشووی قوتابخانە، بەڵكو ئەوان دەیانتوانی بچن چاویان بە داپیرەیان بكەوێ. ئەو لە گوندێكی شوێنی ماسی گرتن لە نزیك دەریاچەیەك دەژیا.

1

ئەندگو و ئاپیو گڕوتینێكی زۆریان هەبوو لە بەرئەوەی دووبارە دەیانتوانی سەردانی داپیرەیان بكەن. لە شەوی ڕابڕدووەوە كیفەكانیان پێچابووەوە و ئامادە بوون بۆ سەفەرێكی دوورودرێژ بۆ گوندەكەی داپیرەیان. ئەوان خەویان لێ نەدەكەوت و هەموو شەوەكە هەر باسی سەفەرەكەیان دەكرد.

2

ڕۆژی دواتر، بەیانی زوو هەموویان بە ئوتومبیلەكەی باوكیان بەرەو گوندەكە بەڕێكەوتن. ئەوان بە دامێنی چیاكان، بە لای ئاژەڵان و ە ناو كیڵەگەی چاییدا دەڕۆشتن.

ئەوان ئوتومبیلەكانیان دەژمارد و گۆرانیان دەوت.

3

دوای ماوەیەك مناڵەكان ماندوو بوون و خەویان لێكەوت.

4

كاتێ گەیشتنە گوندەكە باوكیان ئەندگو و ئاپیوی لە خەو هەستاند. ئەوان چاویان بە داپیرەیان، نیار- كانیادا، كەوت كە لە سەر بەڕەیەك لە ژێر درەختێك پشووی دەدا. بە زمانی لو، نیار- كانیادا واتە كچی خەڵكی كانیادایە. ئەو ئافرەتێكی بەهێز و جوان بوو.

5

نیار-كانیادا بە خێرهاتنی كردن بۆ ژوورێ و بە خۆشحاڵی دەستی كردە سەما كردن و گۆرانی ووتن. نەوەكانی زۆر بە گڕوتین بوون بۆ ئەوەی دیارەكانی لە شار هێنابوویان بیدەن بە داپیرەیان. ئەندگو دەیووت دیاریەكەی من لە پێشدا بكەوە، ئاپیۆش دەیووت: نا، دیاریەكەی من لە پێشدا بكەوە.

6

دوای ئەوەی داپیرە دیاریەكانی كردەوە، لە سەر شێوەی كلتووری خۆیان سوپاسی كردن.

7

دواتر ئەندگو و ئاپیو چوونە دەرێ. ئەوان شوێن پەپولەو باڵندەكان دەكەوتن.

8

ئەوان سەر درەختەكان كەوتن و لە ئاوی دەریاچەكاندا یاریان دەكرد.

9

كاتێ هەوا تاریك بوو بۆ خورادنی ئێوارە گەڕانەوە ماڵێ. بەر لەوەی نانەكەیان تەواو بكەن خەویان لێكەوت.

10

ڕۆژی دواتر باوكی گەڕایەوە بۆ شار و مناڵەكانی لای نیار كانیادا بە جێهێشت.

11

ئەندگو و ئاپیو یارمەتی داپیرەیان دا لە كاروبارەكانی ماڵەوە. ئەوان دار و ئاویان هێنا. هەروەها لە كولانەی مریشكەكان هێلكەكانیان كۆ كردەوە و لە بێستانەكەش سەوزیان.

لێكردەوە.

12

نیار كانیادا نەوەكانی فێركرد كە چۆن ئوگالێ (نانی نەرم) دروست بكەن و لە گەڵ شۆربا بیخۆن. هەروەها فێری كردن چۆن برنجی نارگیلی دروست بكەن و لە گەل ماسی برژاو بیخۆن.

13

ڕۆژێكیان ئەندگو مانگاكانی داپیرەی برد بۆ لەوەڕاندن. مانگاكان چوونە ناو كێڵگەی هاوسێكەیان. جوتیارە هاوسێكەیان لە ئەندگو توڕە بوو و هەڕەشەی لێكرد كە ئەوجار مانگاكان دەبا بۆ خۆی چونكە ئەوان سەوزیەكانی ئەویان خواردبوو. لە دوای ئەو ڕۆژە ئەندگو زیاتر ئاگاداری مانگاكان بوو بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كێشە دروست نەكەن.

14

ڕؤژێكی دیكە مناڵەكان لە گەڵ داپیرەیان چوون بۆ بازار. ئەو لە بازارەكە شوێنێكی بچوكی هەبوو، كە سەوزی، شەكر و سابوونی دەفرۆشت. ئاپیو پێی خۆش بوو نرخی شتەكان بە كڕیارەكان بڵێت. ئەندگوش شتەكانی بۆ كڕیارەكان دەپێچاوە كە كڕیبویان.

15

لە كۆتایی ڕۆژ پێكەوە چایان خواردەوە، و لە ژماردنی پارەكان یارمەتی داپیرەیان دا.

16

بەڵام پشوو زۆر زوو تەواو بوو و مناڵەكان ناچار بوون دووبارە بگەرێنەوە شار. نیار كانیادا كڵاوێكی دا بە ئەندگو و بلوسێكیشی دا بە ئاپیو. داپیرە بۆ ڕێگا خواردنی بۆ ئامادە كردبوون.

17

كاتێك باوكیان هات بە دوایاندا بیانباتەوە، ئەوان پێیان خۆش نەبوو كە داپیرەیان بە جێ بهێڵن. ئەوان داوایان لە نیار كانیاددا كرد كە ئەویش لە گەڵیان بچێ بۆ شار. داپیرە پێكەنی و ووتی من بۆ ژیان كردن لە شار زۆر پیر بوومە. بەڵام چاوەڕێ دەبم تا ئێوە دووبارە دێنەوە بۆ ئێرە.

18

ئەندگو و ئاپیو زۆر بە گەرمی داپیرەیان لە باوەش گرت و ماڵئاواییان لێ كرد.

19

كاتێ كە ئەندگو و ئاپیو گەڕانەوە قوتابخانە، ژیانی گوندەكەیان بۆ هاورێكانیان باس كرد. هەندێك لە مناڵەكان هەستیان دەكرد ژیان لە شار خۆشترە بەڵام هەندێكی دیكەیان پێیان وابوو ژیانی گوند باشترە. بەڵام لە هەمووشتێ گرنگتر، هەموویان هاوڕا بوون كە ئەندگو و ئاپیۆ داپیرەیەكی زۆر میهرەبانیان هەیە.

20

كاتی پشوو لە گەڵ داپیرە

Text: Violet Otieno
Illustrations: Catherine Groenewald
Translation: Agri Afshin
Language: Kurdish (Sorani)

This story is brought to you by the Global African Storybook Project, an effort to translate the stories of the African Storybook Project into all the languages of the world.

You can view the original story on the ASP website here

Global ASP logo

Creative Commons License
This work is licensed under a Creative Commons Attribution 3.0 Unported License.